هاوپەیمانی عەرەبی‌و ئەرشەد ساڵحی دژی گەڕانەوەی کوردەکان بۆ کەرکوک بۆ سەرژمێری دەوەستنەوە

ئەمشەو هەریەک لە هاوپەیمانی عەرەبی و ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی دژی گەڕانەوەی کوردانی کەرکوک و ناوچەکانی مادەی ١٤٠ دەوەستنەوەو راگەیاندن و پەیامی ڤیدیۆی بڵاودەکەنەوە.

لە کاتێکدا چەند رۆژێکە کوردانی ناوچە جێناکۆکەکان کە لە هەرێم دەژین دەگەڕێنەوە ناوچە بنەڕەتییەکانی خۆیان، ئەمشەو چوار شەممە ١٩ ی تشرینی دووەم هەریەک لە هاوپەیمانی عەرەبی و ئەرشەد ساڵحی دژی ئەم هەنگاوە کورد وەستانەوەو داوا لە سەرۆک وەزیران، سودانی دەکەن سەرژمێری گشتی رابگرێت.

هاوپەیمانی عەرەبی لە راگەیاندنەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ژمارەیەکی زۆر خێزان لە دەرەوەی کەرکوکەوە هێنراونەتە ناو شارەکەوە کە لە بنچینەدا خەڵکی شارەکە نین.

هەروەها هاتووشە" ئەوانەی هێنراونەتەوە شارەکە لەلایەن بەرپرسانی حزبی و ئیدارییەوە دروشمی حزبی و نەتەوەییان بەرزکردۆتەوە".

" ئەم شارە زۆر هەستیارە و ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی تێکدانی ئارامی شارەکە" ( هاوپەیمانی عەرەبی وا دەڵێت ).
  
هەرچی ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانییە لە ڤیدیۆیەکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردۆتەوە، جگە لەوەی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە کوردانی پارچەکانی تر دەهێنرێتە کەرکوک، هاوکات ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەم سەرژمێریە هیچ پەیوەندی بە مادەی ١٤٠ ەوە نییە.


هەروەها دەڵێت" بەسە فریودانی هاولآتی کورد، لە ریفراندۆم دەرستان وەرنەگرت، ئێوە مانگانە سواڵ دەکەن بۆ بەغدا مووچەی مووچەخۆرانتان بۆ بنێرێت، واز لەم هەنگاوانە بهێنن".





AM:12:14:20/11/2024