وەزیری پلاندانانی هەرێم بە سەرکەوتوویی تەواوبوونی قۆناغی یەکەم و دووەمی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی ڕاگەیاند و دەڵێت" ئەو کێشانەی بەردەم سەرژمێریەکە زۆر کەمن". دەشڵێت" سەرژمێری دەبێتە هۆی ئەوەی چیتر یاری بە پشکی هەرێم نەکرێت".
دارا رەشید وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند" ئەوەی ئەمڕۆ و سبەینێ سەرژمێر دەکرێن خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچەکانن".
وتیشی" پڕۆسەی سەرژمێری دانیشتوان زۆر گرنگە، چونکە قەبارەی دانیشتوان دیاری دەکات، هاوکات یارمەتیدەرە بۆ دیاریکردنی ڕێژەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی وڵاتدا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە".
دارا ڕەشید جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم پرۆسەیە داتای "زۆر ورد" سەبارەت بە دانیشتووان دابین دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، قەدەغەی هاتوچۆ لە کاتژمێر (١٢:٠٠)ی شەوی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە و تا کاتژمێر (١٢:٠٠)ی سبەی شەو بەردەوام دەبێت.
لە کاتژمێر (٧:٠٠)ی بەیانی ئەمڕۆوە پرۆسەی سەرژمێری دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی دەستیپێکرد و لە پرۆسەکەدا زیاتر لە (١٣٠) هەزار بژمێر بەشدار دەبن، بەو هۆیەشەوە قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەندراوە و پرۆسەکەش سبەینێ بەردەوامی دەبێت.