لە رۆژهەڵاتی کوردستان ٩٢ رێکخراوی ژینگە پارێز هەڵمەتی ژیاندنەوەی زاگرۆسانەیان بۆ بووژاندنەوەی ژینگە راگەیاند.
میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردەوە "٩٢ رێکخراوی ژینگەپارێز هەڵمەتی ژیاندنەوەی زاگرۆسانەیان راگەیاند، کە لە هەڵمەتەکەدا هەزاران نەمام دەچێنن و دارستانەکان دەبووژێننەوە".
لە راگەیاندنی ئەو رێکخراوانەدا هاتووە" داوا لە تەواوی هاونیشتمانیان، شاخەوانان، چالاکوانانی ژینگەپارێز و مەدەنی دەکەین لە مانگی داهاتوودا چالاکی چاندنی دەنکەکانی بەڕوو، قەزوان، بادام و دارە جۆراوجۆرەکان بە گوێرەی جوگرافیای ناوچە جیاوازەکانی زاگرۆس بەڕێوە ببەن".
" سووتان، داگیرکردن، قەڵاچۆ و بنەبڕکردنی دارستانەکان، نەخۆشی جۆراوجۆر و دەستێوەردانی مرۆڤ وەک درووستکردنی بەنداو، کارگەی بەردشکێن لە دڵی دارستان و دەیان کاری هاوچەشن و کاولکارانە، ژینگەی زاگرۆسی خستووەتە هەڵدێری تیاچوون و فەوتان.( رێکخراوەکان لە راگەیاندنەکەیاندا ئاماژەی بۆ دەکەن).
رێخکراوەکانی بواری ژینگە هەموو ساڵێک ئەم هەڵمەتە رادەگەیەنن و لە رۆژهەڵاتی کوردستان بزووتنەوەیەکی فراوانی ژینگەیی و سروشت پارێزی لە ئارادایە.