حکومەتی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمانبەر و ئەفسەر و کارمەندانی هێزەکانی ناوخۆی تا ١٠ی کانوونی یەکەم درێژ کردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، هێمن میرانی، ئەندامی ژووری ئۆپراسیۆنی سەرژمێریی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان وتی" ژوورەکە بە مەبەستی تەواوکردنی پرۆسەی سەرژمێریی، پشووی فەرمانبەر و ئەفسەر و کارمەندانی هێزەکانی ناوخۆ تا ١٠ی کانوونی یەکەم درێژ دەکاتەوە بۆ ئەوانەی گەڕاونەتەوە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان (ناوچەکانی ماددەی ١٤٠) بۆ ئەوەی فۆرمی دووەم لە دوای قەدەغەی هاتوچۆ پڕ بکرێتەوە".
ئەو ئەندامەی ژووی ئۆپراسیۆنی سەرژمێری دانیشتوان لە هەرێم راشیگەیاند" لە دوای تەواوکردنی فۆرمی یەکەم کە لە چوارشەممە و پێنجشەممە پشتڕاست کرایەوە، قۆناغێکی دیکە دەست پێدەکات کە زانیاری زیاترە و پێویستە لایەنی کەم یەکێک لە ئەندامانی خێزان لەو شوێنانە بمێننەوە و هەموو بەڵگەنامەکانی ئەندامانی خێزانیان لا بێت و فۆرمی دووەم بە دروستی پڕ بکەنەوە".
هێمن میرانی بۆ میدیای پارتی ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشووی ئەو کەسانە بە کراوەیی دەهێڵتەوە، تا ئەو کاتەی تەواوی پرۆسەی سەرژمێریی تەواو دەبێت.