ئەنجامی بەرایی سەرژمێری سبەی شەو ڕادەگەیەندرێت

بڕیارە سبەی شەو ئەنجامی سەرژمێریی گشتی دانیشتووان رابگەیەندرێت،بەڵام ئەنجامی سەرژمێریی ناوچەكانی مادەی ١٤٠، تا ئەو بەراوردە تەواو دەبێت كە لەنێوان داتا و زانیارییەكانی وەزارەتی پلاندانان و كۆچ وكۆچبەران و تۆماری سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ دەكرێت راناگەیاندرێت.

مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری سەرژمێری لە هەرێمی كوردستان راگەیاند" بڕیارە سبەی شەو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی سەرژمێریی گشتی دانیشتووان لەلایەن وەزیری پلاندانانی عێراق رابگەیێندرێت، بەجۆرێك كە ئەنجامی سەرژمێریی لەسەر ئاستی عێراق، هەرێمی كوردستان، پارێزگا، قەزا و ناحیەكان رادەگەیێندرێت".

بە وتەی مەحموود عوسمان حكومەتی هەرێـم رێككەوتنی لەگەڵ حكومەتی عێراق كردووە، كە نابێت ئەنجامی سەرژمێریی ناوچەكانی مادەی ١٤٠ رابگەیێندرێت، تا ئەو بەراوردە تەواو دەبێت كە لەنێوان داتا و زانیارییەكانی وەزارەتی پلاندانان و كۆچ وكۆچبەران و تۆماری سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ دەكرێت، هاوكات تەواوی ئەو ناوچانەیان داوەتە حكومەتی عێراق كە لە چوارچێوەی مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراقن و نابێت ئەنجامەكەی رابگەیێندرێت. 
 
لە كۆبوونەوەی رۆژی ١٢ی مانگدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق  رەزامەندی لەسەر داواكارییەكی هەرێمی كوردستان دەربڕی و بڕیاردرا ئەنجامی سەرژمێریی ناوچەكانی مادەی ١٤٠ رانەگەیێندرێت، تا ئەو كاتەی تۆماركراوان لە رێگەی لیژنەیەكەوە ناوەكانیان بۆ ناوچە رەسەنەكانی خۆیان دەگەڕێندرێتەوە و لەسەر هەمان شوێن هەژمار دەكرێن.




PM:10:43:20/11/2024