شارەزایەکی بواری کەشوهەوا ڕایدەگەیەنێت" هەفتەی داهاتوو پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو (٨ تا ١٠) پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە و کەشێکی سارد و زستانەیی لە هەرێم دەستپێدەکات".
ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشوهەوا، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" پێشبینیدەکرێت رۆژی دووشەممەی ھەفتەی داھاتوو ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە بکەوێتە ژێر کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی جەمسەریەوە کە ئێستا کاریگەریەکانی لەسەر وڵاتانی ئەوروپایە و بەرەبەیانی رۆژی دووشەمە ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و خۆی دەبینێتەوە لە شەپۆلێکی ساردی بارانبارین و وە بارینی بەفر لە ناوچە شاخاویەکاندا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو بە (٨ تا ١٠) پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە و کاریگەری شەپۆلی بەفر و بارانەکە تا بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە بەردەوامی دەبێت، بەڵام شەپۆلی سەرماکە لەسەر ناوچەکان تا ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە و کەشێکی سارد و زستانەیی لەناوچەکەدا دەستپێدەکات.
ئاراس جەبار ئەوەشی خستەڕوو، پێشبینی بارینی بەفر دەکرێت لە ناوچە شاخاوییە سنوریەکاندا لە بەرزی ١٥٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا و نزمبوونەوەی پلەی گەرمی بۆ سفری سەدی و ژێر سفر لەو ناوچە شاخاویانەی بەرزیان کەمترە لە ١٥٠٠م بەفر و باران بە تێکەڵی دەبارێت و لە سەنتەری شارەکانیش بارانێکی لەسەرخۆ و سارد دەبارێت ھەست بە کەشێکی زۆر سارد دەکرێت.
باسی لەوەشکردووە، رێژەی بەفر و بارانی پێشبینیکراو لە ماوەی کاریگەری ئەم شەپۆلەدا بەمشێوەیە دەبێت:
پارێزگای سلێمانی باران ٢٠ - ٥٠ ملم ، بەفر ٥ - ١٢ سم
پارێزگای ھەولێر ٧ - ٦٠ ملم ، بەفر ٥ - ٦٠ سم
پارێزگای دھۆک ٢٦ - ٥٠ ملم ، بەفر ٥ - ١٠ سم
پارێزگای ھەڵەبجە ٣٠ - ٥٠ ملم ، بەفر ٢ - ٥ سم
پارێزگای کەرکوک ٥ - ١٦ ملم
ئیدارەی راپەرین ٢٠ - ٦٠ ملم ، بەفر ١٦ - ٤٠ سم
ئیدارەی گەرمیان ٥ - ٢٥ ملم