"لە دهۆک پرۆسەی سەرژمێری بەشێوەیەکی ئەرێنی بەرەوپێش دەچێت"

پارێزگاری دهۆک ڕایدەگەیەنێت" پرۆسەی سەرژمێری بەشێوەیەکی ئەرێنی بەرەوپێش دەچێت". 

عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئەو هەوڵانەی لەلایەن کارمەندانی کارگێڕی و تەکنیکییەوە دراوە سەرباری ئەوەی کە بەشداربوون لە سەرکەوتنی پرۆسەی سەرژمێری، بەڵام لە ناوچە جێناکۆکەکان، بە تایبەت لە قەزای شێخان و بەردەڕەش ڕووبەڕوی کێشەی تەکنیکی بوونەتەوە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەکە لەو ناوچانە کێشەی تەکنیکی و کارگێڕییان لەخۆگرتبوو، بەڵام هەماهەنگییەکی نزیک لە نێوان وەزارەتە ناوخۆییە پەیوەندیدارەکان و نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە هۆی چارەسەرکردنیان. 

پارێزگاری دهۆک جەختی لە" گرنگی تۆمارکردنی سەرجەم هاوڵاتییان لەم سەرژمێرییەدا" کردەوە و وتی" ئەو خێزانانەی تا ئێستا داتاکانیان تۆمار نەکردووە تا کاتژمێر ١٢ی نیوەشەوی ئەمشەو هێشتا ماوە بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی تۆمارکردن".

عەلی تەتەر دڵنیایشی بە سەرجەم خێزانەکاندا کە تیمە تایبەتمەندەکان ئامادەن پشتگیری تەکنیکی و کارگێڕی بکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە داتاکانیان بە وردی و لە کاتی خۆیدا دەخرێتە ناوەوە.

لە درێژەی قسەکانیدا، پارێزگاری دهۆک سوپاسی ئاراستەی دانیشتوانی پارێزگاکە کرد بۆ وەڵامدانەوەی کاریگەرانەیان بۆ ئەو ڕێنمایانەی کە لەلایەن دەسەڵاتی پەیوەندیدارەوە دەرکراون، ستایشی پابەندبوونی گەورەی ئەوانی کرد، بەتایبەتی سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارانەی قەدەغەی هاتوچۆ کە بەسەریاندا سەپێندرابوون. 

عەلی تەتەر لە کۆتایی لێدوانەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە دەسەڵاتدارانی خۆجێی بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی پرۆسەی سەرژمێری گشتی بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەموو هاوڵاتییانی پارێزگای دهۆک بکات و پلانی دروست بۆ داهاتووی پارێزگاکە بەرز بکاتەوە. 



PM:02:52:21/11/2024