هەولێر.. دوو کەس بەتۆمەتی تەقەکردن دەستگیرکران

پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی راگەیاند كە شەوی رابردوو لە شەقامی ٦٠ مەتری هەولێردا تەقەیان كردووە. 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ پێنج شەممە بڵاویکردەوە" دوو تۆمەتبار بەناوەكانی (ز. ح. و) و (ع. س. م) دەستگیرکراون كە شەوی ڕابردوو بەشێوەیەكی هەڕەمەكی لەناو شاری هەولێر لەسەر شەقامی ٦٠ مەتری تەقەیان كردبوو". 

پۆلیسی هەولێر دەشڵێت" دوای لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی تیمەكان دەركەوت كە ئەو دوو تۆمەتبارە لەناو ئۆتۆمبلێكی جۆری (تاكسی) بەشێوەیەكی هەڕەمەكی و نابەرپرسیارانە لەسەر شەقامی ٦٠ مەتری تەقەیان كردووە و فیشەكێك بەر پەنجەرەی یەكێك لە تاوەرەكانی نیشتەجێبوون كەوتووە، بۆیە پاش وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەری لێكۆڵینەوە، تۆمەتباران دەستگیرکران و پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كرایەوە و درانە دادگا". 



PM:06:45:21/11/2024