پارێزگاری کەرکوک لەبارەی رێژەی سەرژمێری خێزانەکان ئاشکرای کرد کە ١٠٠٪ تەواو کراوە و سوپاسی هاوڵاتیان و سەرجەم دامودەزگا و راگەیاندنەکانیشی کرد.
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" رێژەی سەرژمێری خێزانەکان ١٠٠٪ و رێژەی سەرژمێری تاک ٩٩.٧٩٪ تەواوکراوەو سەرکەوتنی ئەم سەرژمێرییە لە کاتێکدایە، کە گرەوی زۆری لەسەر کرابوو نەکرێت و سوپاسی هاووڵاتییان دەکەم ، هۆکار بوون بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەکە". هەروەها سوپاسی سەرجەم دامودەزگا و راگەیاندنەکانیشی کرد.
رێبوار تەها وتیشی "لە کەرکووک قەدەخەی هاتووچۆ لەدوای ١٢ـی شیوی پێنج شەممە لەنێو شار نامێنێت، بەڵام بەگوێرەی رێنماییەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەو پێیەی لە هەندێک پارێزگا هێشتا پرۆسەکە تەواو نەبووە؛ بۆیە قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکاندا تاوەکو سبەی شەو بەردەوام دەبێت، بەڵام ئێمە کارئاسانی بۆ ئەو هاووڵاتییانە دەکەین ئەگەر حاڵەتێکی تایبەتیان هەبێت و بیانەوێت لە شار بچنە دەرەوە".
پارێزگاری کەرکووک لەبارەی قۆناخی کۆتایی سەرژمێری ئاماژەی بەوە کرد، "دەبێت هاووڵاتیان ئەوەیان لە بیر نەچێت، لە ٢٢ـی مانگەوە تاوەکو ١٠ـی ١٢ـی ئەم ساڵ تیمەکانی سەرژمێری جارێکی دیکە سەردانی ماڵەکان دەکەنەوە و کۆمەڵێک پرسیاریان لێدەکەنەوە، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکەین ئەگەر هەمووشیان ئامادە نەبن، کۆپییەکی بەڵگەنامەکانیان لەماڵەوە بەجێبهێڵن".