مەسعود بارزانی لە وتارەکەیدا لە پێنجەمین کۆڕبەندی مێپس وێرای بەخێراتنی میوانەکان بۆ کۆڕبەندەکە رایگەیاند " ئەم کۆڕبەندە گرنگە، بۆیە هەموو ناوچەکە پێویستی بە ئاشتی و ئاسایشە، ئەزموونی هەموو میللەتان و وڵاتان دەریخست کە بەشەڕ هیچ ئەنجامێک بەدەست نایەت، بەڵکو بە ئاشتی و بە لێکتێگەیشتن و بەڕێز لەیەکتر گرتن، ئەمەیە ڕێگای ڕاست بۆ چارەسەری هەموو گرفتەکان".
ئاماژەی بەوەش کرد"پێش مانگێک هەڵبژاردنێکی مێژوویی لە هەرێمی کوردستان ئەنجام درا، پێشبینی هەموو لایەک ئەوە بوو کە ئەو هەڵبژاردنە ناکرێت، یان ئەگەر بکرێت گرفتی زۆر دێتە پێش، بەڵام بە پێویستی ئەزانم سوپاسێکی گەرمی گەلی کوردستان بکەم، سەری ئێمەیان بەرزکردەوە و پیشانیشان دا کە لە کاتی پێویستدا هەست بە بەرپسیارەتی دەکەن".
"لەو هەڵبژاردنە لە سەدا ٧٢ی خەڵک بەشداری کرد، ئەنجامەکانیش ئاشکرا بوون، ئومێدەوارین هەموولایەک هەڵسوکەوت لەگەڵ شەرعیەت بکەن، هەروەها هەنگاوی داهاتوو، کە دوای چەند ڕۆژێک ئەنجامەکان لەلایەن کۆمسیۆنەوە ڕادەگەیەندرێن، دەست بە گفتوگۆ دەکرێن لەنێوان هەموو لایەنەکان، بۆ ئەوەی هەرچی زووترە پەرلەمان دەست بەکار بێت و هەنگاوەکانی دیکەشی بەدوا دابێت".( مەسعود بارزانی وای وت).
وتیشی "ئومێدەوارین هەمووتان پشتگیریمان بکەن، بۆ ئەوەی لە داهاتوو یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکوومەت و یەک هیزی پێشمەرگە لەکوردستان هەبێت".
هەروەها باسی لە گرژییەکانی ناوچەکەش کرد و جەختی کردەوە کە نابێت عێراق ببێتە بەشێک لەو گرژییانەی ناوچەک و وتی" لە دوای جەنگە جیهانییەکان ستەمێکی گەورە لە گەلی کورد کرا، هیچ کات نکۆڵی کردن لە مافەکانی کورد چارەسەر نەبووە و نابێت".
ئەمڕۆ هەینی ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، بە بەشداری زیاتر لە ١٢٠ سەرۆك و كەسایەتییەكانی جیهان و ناوچەكە و عێراق و هەرێم، پێنجەمین كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس-٢٠٢٤) لە شاری دهۆك بەڕێوە دەچێت.
تەوەری سەرەكی كۆڕبەندەكە بریتییە لە ناكۆكییەكانی ناوچەكە و ئالیەتی ڕێگریكردنە لە فراوانبوونی گرژییەكان.