دکتۆر شێرکۆ کرمانج لە وتارێکدا بە ناو نیشانی (هۆکاری پشت نەنووسینی مەزهەب و نەتەوە لە سەرژمێریی عێراق: مەترسییەکانی سەر کورد و سوننە) کە لە بەشی بیروڕای (سپی) بڵاوکراوەتەوە دەڵێت" عێراق وڵاتێکە کە کەمترین سەرژمێریی لێ کراوە بەڵام هەرکاتێک کرابێت، زۆرترین گەمە لەگەڵ زانیارییەکان کراوە و بۆ مەبەستی سیاسی و ئایدیۆلۆجی بەکارهاتووە. ئەم سەرژمێرییەی ئەمجارەی ٢٠٢٤، گوایە ناسیاسییە و زانیارییەکان بۆ پلاندانان بۆ گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەکاردێن، بەڵام من پێموایە ئەمجارە زۆر لە جارانی پێشووتر، مەرامی سیاسی و ئایدیۆلۆجی و مەزهەبیی و نەتەوەیی لە پشتە. لەم کورتەبابەتە، بە خێرایی هۆکارەکانی دانەنانی پرسیاری نەتەوە و مەزهەب دەخەمەڕوو، لەویشەوە بۆمان دەردەکەوێت کە چەندە پلانی سیاسیی و مەزهەبگەرا لە پشت ئەم سەرژمێرییەوەن. هاوکات مەترسییەکانی سەر کورد لە بوون لە عێراق-دا گفتوگۆ دەکەم."
هەروەها رایگەیاندووە" بگەڕێینەوە بۆ پرسیارە سەرەکییەکەمان، بۆ بۆکسی نەتەوە لە فۆرمی سەرژمێریی لادرا. من پێموایە هۆکارەکەی بۆ ئەم خاڵانە دەگەڕێتەوە:
یەکەم، ئەگەر نەتەوە لە فۆرمەکاندا بنووسرایە، ئەوە هەموو کوردێک دەیزانی کە نزیکەی ملیۆنێک عەرەب لە هەرێمی کوردستان-دا نیشتەجێن کە ترس و دڵەڕاوکێیەکی جددی دروست دەکرد لەسەر ئاراستەکانی هەرێم لە دواڕۆژدا، جا چ لە پەیوەند بە هەڵبژاردنی پارێزگاکان بێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بێت، ڕاپرسی بێت لە هەرێم بۆ سەربەخۆیی یان هەر پرسێکی دیکە.
دووەم، عێراقییەکان نایانەوێت کوردستانیان بزانن کە ئەو ملیۆن عەرەبە، کە ڕۆژانە لە زیادبووندایە، لە دواڕۆژدا لە هەر ڕاپرسییەک بۆ هەموارکردنی دەستووری عێراقی لەوانەیە ئاراستەی دەنگدان لە پارێزگاکانی هەرێم (هەڵەبجە، سلێمانی، هەولێر، دهۆک) بگۆڕێت بە قازانجی شیعە و سوننە، واتە عەرەب لە عێراق-دا. لەبیرتان نەچێت بۆ هەموارکردنی دەستووری عێراق ئەگەر سێ پارێزگا بەپێچەوانەی هەموارکردنەکە دەنگ بدەن ئەوە هەموارکردنەکە ڕەت دەکرێتەوە. بە زیادبوونی ڕێژەی عەرەب لە هەرێمی کوردستان لە دواڕۆژدا ئەم ئەگەرە دێتەگۆڕێ، ئەمڕۆش نەبێت سبەی.
سێیەم، عێراقییەکان نایانەوێت خەڵکی کوردستان بزانن کە نزیکەی ٦٠٠ هەزار عەرەب تەنیا لە ٢٠٠٣ ـەوە تا ئێستا لە کەرکووک و دەورەبەری نیشتەجێ کراون. ئێستا ئەو ژمارەیە لای زۆر کەس زانراوە بەڵام بە فەرمیبوون و بە دەرخستنی لەلایەن دامەزراوەیەکی فەرمییەوە دەنگۆ کاردانەوەی زیاتری لێ دروست دەبوو، بۆیە نەیانویست خانەی نەتەوە لە فۆرمی سەرژمێرییەکەدا هەبێت".