سەرۆك كۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت" پێویستە لایەنەكان لە جەوی بانگەشەی هەڵبژاردن بێنە دەرەوە و كار بۆ پێكهێنانی حكومەتێکی نوێ بكەن"، دەشڵێت" پەرەسەندنی ناوچەکە هەڕەشە لە ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بازرگانی جیهانی دەکات".
لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق، ئەمڕۆ هەینی ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە میانەی بەڕێوەچوونی كۆڕبەندی (مێپس) وتارێكی پێشكەشكرد و ڕایگەیاند" پێویستە لایەنەكان قۆناغی بانگەشە تێپەڕێنن و كار بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم بکەن".
وتیشی" عێراق و ناوچەکە بە هەلومەرجێکدا تێدەپەڕن کە پێویستی بە دیراسەکردنی دۆخەکە و دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو هەیە".
لەتیف ڕەشید دەشڵێت" پێویستە وڵاتە زلهێزە گەورەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوێ لە دەنگی گەلانی ناوچەکە بگرن و کارێکی زۆر بکەن بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، هەروەها جەخت لەوە دەکەینەوە کە پێویستە هەموو وڵاتان پابەندبن بۆ بەدەستهێنانی ئاشتییەکی هەمەلایەنە".
ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوامبوونی ململانێکان لە ناوچەکەدا تەنها کاریگەری لەسەر وڵاتانی پەیوەندیدار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ بازرگانی جیهانی و سەقامگیری ئابووری نێودەوڵەتی.
سەرۆک کۆماری عێراق ڕاشیگەیاند" لە چوارچێوەی پاڵپشتیکردنمان بۆ ئاشتی، پێویستی دۆزینەوەی دادپەروەرانە دووپات دەکەینەوە و چارەسەری ئاشتیانە بۆ پرسی کورد، بە تایبەت لە تورکیا، و ئامادەیی خۆمان بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری لەم بارەیەوە ڕادەگەیەنین".