بەڕێوەبەری بازگەکانی کەرکوک لە پۆستەکەی دوورخرایەوە

عەقید مستەفا نەوزاد بەڕێوەبەری بازگەکانی کەرکوک لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و کەسێکی دیکە لە شوێنەکەی دانرا. 
 
عەمید سابیر محەمەد بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک، ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" بەهۆی رێگریکردنی لە گەڕانەوەی هاوڵاتییانی بۆ کەرکوک لە بازگەی پردێ، عەقید مستەفا نەوزاد بەڕێوەبەری بازگەکانی کەرکوک لە کارەکەی دوورخرایەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا عەقید ئەرکان ئەکرەم وەک بەڕێوەبەری بازگەکانی کەرکوک دەستنیشانکراوە و لە جێگەی عەقید مستەفا دانراوە. 

ئەوەشی خستەڕوو، عەقید مستەفا چەند دۆسیەیەکی دیکەی لەسەرە و لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراقەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ئەنجام دەدرێت. 
 
ئەمەش لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردووش وەزارەتى ناوخۆى فیدراڵ لە ڕوونکردنەوەیەکدا هەواڵی دەستگیرکردنى ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەندانى وەزارەتەکەى لە بازگەکانى کەرکوک ڕەتکردەوە کە پەیوەندى بە سەرژمێرییەوە هەبێت و وتی" دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری کاروباری بازگەکان و ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەندی بازگەکانی کەرکوک بەهۆی چەند بابەتێکی ئیدارییەوەیە کە لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت". 



PM:04:49:22/11/2024