ئەو کەسانەی لەم قۆناغەی سەرژمێری ناویان تۆمار نەکردووە لەکاتی هاتنەوەی تیمەکان دەتوانن ناوی تۆمار بکەن

هەر کەس و خێزانێک بە هەر هۆکارێک ناویان لە سەرژمیری تۆمار نەکردبێت، دەتوانن تاوەکو ١٠-١٢-٢٠٢٤ کاتێک بژمێرەکان سەردانیان دەکەنەوە، ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
 
عەبدولزەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند"پرۆسەی سەرژمێری بەردەوام دەبێت تاوەکو رۆژی ١٠-١٢-٢٠٢٤، نزیکەی ٢٠ رۆژی دیکە ماوە، جارێکی دیکە سەردانی ماڵەکان دەکرێتەوە بۆ تەواوکردنی وەرگرتنی زانیارییەکانی دیکە. ئەگەر کەسێک ناوی تۆمار نەکردبێت دەتوانێت لەکاتی هاتنەوەی تیمەکان ناوی تۆمار بکات."
 
ئاماژەی بەوەشداوە قۆناخی دوای تۆمارکردنی خێزانەکان، وەرگرتنی وەڵامی ٧٧ پرسیارە لەلایەن بژمێرەکانەوە. ئەو خێزانانەی لەدوای تۆمارکردنی ناویان دەگەڕێنەوە شوێنی نیشتەجێبوونیان لە شارەکانی دیکە، دەتوانرێت زانیارییەکانیان لە رێگەی کەسوکاریانەوە لەو شارەی خۆیان تۆمار کردووە، وەربگیرێت، ئەوەش بەو مەرجەی کۆبۆنی خۆراک و کارتی نیشتمانی یان کۆپییەکیان هەبێت، تاوەکو بخرێتە نێو سیستمی ئەلیکترۆنیی سەرژمێرییەوە.




AM:09:12:23/11/2024