وادەی خەرجکردنی مووچەی مانگی ١٠ ئاشکرا دەکرێت

جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وادەی خەرجکردنی مووچەی مانگی ١٠ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و ڕایگەیاند، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا خەرج دەکرێت.

ئەمڕۆ شەممە، ئیخڵاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە میدیای پارتی ڕاگەیاند، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا مووچەی مانگی ١٠ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.

پێشتر ڕێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاندبوو" محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی ١٠ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و فەرمانی بە تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی کردووە بە زووترین کات ئەو مووچەیە ڕەوانە بکات".

ئەمە لە کاتێکدایە کە تائێستا مووچەی مانگی ڕابردووی مووچەخۆران لە هەرێم دابەشنەکراوە و چارەنووسی مووچەی مانگەكانی (١١ و ١٢)ش نادیارە. 




AM:10:33:23/11/2024