وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا: گەڕانەوەی کورد بۆ کەرکوک بۆ هەڵبژاردنی داهاتو مەترسییە

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا نیگەرانە، لە گەڕانەوەی هاوڵاتییان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ سەرژمێریی لە کەرکوک و دەڵێت: بە وردی چاودێریی دوا پێشهاتەکانی شارەکە دەکەن.

ئۆنجو کەچەلی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، نیگەرانی وڵاتەکەی لەبارەی پڕۆسەی سەرژمێری لە کەرکوک ڕایگەیاند و ئاماژەی بەوە کردوە ھەرچەندە لەو سەرژمێرییەی لە عێراق کرا، زانیاری لەبارەی نەتەوەی تێدا نییە، بەڵام ئەو جوڵەی چڕوپڕەی دانیشتوان، بوە جێی نیگەرانیی عەرەب و تورکمانەکانی عێراق.

لە پەیامەکەیدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردوەتەوە، کەچەلی دەڵێت" وەک تورکیا، لە پاڵ تورکمانەکانی عێراقدان و چاودێریی ماف و بەرژەوەندییەکان دەکەن و ئارامی و ئاسایشی تورکمانەکان بونیادنەری پردی دۆستایەتیانە لەگەڵ عێراق".

کەچەلی باسی لەوەش کردوە، لە نزیکەوە چاودێریی دواپێشھاتی گواستنەوەی هاوڵاتییان لە هەرێمی کوردستان- عێراق بۆ کەرکوک دەکەن و وتیشی" ئەو کارە دەبێتە هۆی تۆمارکردنی ئەو کەسانەی لە ڕاستییدا خەڵکی کەرکوک نین و کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنی داهاتو دەبێت".



PM:12:07:23/11/2024