ئه‌عره‌جی: زیاتر لە دوو هه‌زار خێزان له‌ كه‌مپی هۆلەوە گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ عێراق

ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" تائێستا زیاتر لە دوو هەزار ئاوارە له‌ كه‌مپی هۆلی سوریاوه‌ گەڕێندراونەتەوە بۆ عێراق". هاوکات ڕاشیگەیاند" هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕۆڵی گەورەی هەیە لە یارمەتیدانی عێراق بۆ شکستپێهێنانی چەکدارانی داعش". 

قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە لە دووەمین ڕۆژی پەراوێزی کۆڕبەندی (ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست - مێپس ٢٠٢٤) لە زانکۆی ئەمریکی لە شاری دهۆک ڕایگەیاند" هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە یارمەتیدانی سوپای عێراق بۆ شکستپێهێنانی داعش، هەروەها کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەو بوارەدا بەشداری کردووە". 

ئەعرەجی وتیشی" لە ئێستادا پێمان وایە پەیوەندییەکانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەڵەتی دەگۆڕدرێت بۆ پەیوەندییە ئەمنییەکانی دوو قۆڵی، ئەمەش ڕێگری ناکات لە هەبوونی هاوکاری ئەمنی و هەواڵگری بۆ هاوکاریکردنی عێراق بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی هەر ڕێکخراوێکی تیرۆرستی". 

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق دەشڵێت" ڕێککەوتن کراوە و دەرفەتی دوو ساڵەمان لەبەردەمدایە کە قۆناغێک دەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەکە، دواتر بڕیاری کشانەوە بەتەواوی دەدرێت". 

سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان، قاسم ئه‌عره‌جی ئاشكرایكرد، تائێستا ٢ هه‌زار و ٦٤٠ خێزان له‌ كه‌مپی هۆلی ڕۆژئاوای کوردستانەوە گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ بۆ خاکی عێراق.



PM:02:34:23/11/2024