دەم پارتی دژی دانانی قەیوم بۆ شارەوانییەكانی دێرسیم و پولور ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" قەیومەكان دەڕۆن و ئیرادەی گەل سەردەكەوێت".
ئەمڕۆ شەممە ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" حكومەتی ئاكەپە بە دانانی قەیوم بۆ شارەوانییەكانی دێرسیم و شارۆچكەی پولور جەختی لەسەر عەقڵیەتی كودەتاچییانەی خۆی كردەوە، ئەمەش تەنیا دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەكان نییە كە قەیومیان بۆ دادەنێن، بەڵكو هێرشێكی ئاشكرایە بۆ سەر مێژوو، كولتور و بەهاكانی گەل".
دەشڵێت" دەستوەردان لە شارێكی وەك دێرسیم كە سمبولی بەرخۆدان و شكۆیە، سەپاندنی خۆبەدەستەوەدانی ئیرادەی گەلە كە هەوڵێكی بێهودەیە، دێرسیم بە هیچ شێوەیەك چۆك دانادات و تەسلیمی سەركوتكاری نابێت".
دەم پارتی ڕاشیگەیاندووە" دوورخستنەوەی ئەو نوێنەرانەی كە خەڵك هەڵیبژاردون، دەستدرێژییە بۆ سەر سیاسەتی دیموكراسی، هەوڵدان بۆ بەڕێوەبردنی دێرسیم لە ڕێگەی قەیومەوە ترسە لە بەرامبەر ئیرادەی خەڵك، نە دێرسێم و نە شارەكانی دیكە ناتوانرێت لە ڕێگەی قەیومەوە بەڕێوەببرێن، قەیومەكان دەڕۆن و ئیرادەی گەل سەردەكەوێت".
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا دەم پارتی داوا لە تەواوی هێزە دیموكراسییەكان دەكات کە" شانبەشانی یەكدی بوەستن دژ بەم كۆدەتایە و دەستدرێژییە بۆ سەر ئیرادەی گەل".