سبەی بڕیار لەسەر سکاڵای لایەنە نارازییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەدرێت

سبەی دادگای کارگێڕیی لە بەغداد لەسەر سکاڵای لایەنە ناڕازییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، دژی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە کۆدەبێتەوە، ئەندامێکی ئەنجومەنەکەش دەڵێت" دوای بڕیارەکەی دادگا بڕیار دەدەن وەک ئۆپۆزسیۆن بمێننەوە یاخود بەشداریی حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکە بکەن".

سەلوە ئەحمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لە هاوپەیمانی عەرەبی ئەمڕۆ شەممە ٢٣ی تشرینی دووەم بە میدیای یەکێتی راگەیاند، دوای بڕیارەکەی دادگا، ئەوان گفتوگۆکانیان دەستپێدەکەن بۆ ئەوەی بڕیاربدەن وەک ئۆپۆزسیۆن بمێننەوە یاخود بەشداریی حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکە بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی رابردوودا، سێ جار دانیشتنی دادگا تایبەت بە سکاڵاکەی ئەوان دژی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگای کەرکوک دواخراوە.

سکاڵاکەی لایەنە ناڕازییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لە دادگای فیدڕاڵی، دژی کۆبوونەوەکەی 10ـی ئابی ئەنجوومەنەکەیە لە هۆتێل رەشیدی بەغداد و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی دەکەن، کە تیایدا پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنەکە دیاریکرا.

تاوەکو ئێستا سێ ئەندامی عەرەب، دووئەندامی بەرەی تورکمانی، دوو ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوکیان کردووە.

بەشێوەیەکی گشتی لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بەڕێوەچووە، کۆبوونەوەی یەکەم بەسەرۆکایەتی راکان جبووری لە کەرکوک بەڕێوەچوو، دواتر محەمەد حافز وەکو سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک هەڵبژێردرا.

ئەندامانی هەڵبژێردراو لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی لە کەرکوک گەڕاونەتەوە ئەنجوومەنی پارێزگا و نووسینگەی خۆیان کردووەتەوە، بەڵام بەشداریی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنەکە ناکەن.

هاوپەیمانی عەرەبییش کە سێ ئەندامی هەیە، سەلوە ئەحمەد، گەڕاوەتەوە نووسینگەکەی خۆی، بەڵام بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنەکەی نەکردووە.

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک ١٦ ئەندامی هەیە و کورسییەکیان بۆ کۆتای کریستیانە، فراکسیۆنی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە خاوەنی زۆرترین کورسیی ئەنجوومەنەکەیە کە پێنج کورسییە.






PM:10:39:23/11/2024