هاکان فیدان لەبارەی بابەتی پارێزگاری کەرکوک ڕایگەیاند، ئەنقەرە نایهەوێت پارێزگایەک هەبێت لە ژێر کاریگەری پەکەکەدا بێت، دەشڵێت" تورکیا لەدژی گۆڕینی ژمارەی دانیشتووان و دیمۆگرافیای کەرکوکە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانی کۆنفڕانسیکی ڕۆژنامەنووسی ڕایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی کەرکووک دەکەن.
دەشڵێت"ئێمە بە هەموو دامەزراوەکانمانەوە پشتیوانی تورکمانەکان دەکەین و داکۆکی لە مافەکانیان دەکەین. بێگومان لەدژی گۆڕینی ژمارەی دانیشتووان و دیمۆگرافیاین. بەردەوام پەیوەندیی جیدیمان لەگەڵ بەرەی تورکمانیدا هەیە. بەر لە سەرژمێری هەروەک دەزانن پرسی پارێزگار هەبوو."
فیدان جەختیشی کردەوە لەوەی "ئەگەرچی ئێستا بابەتەکە چووەتە دادگە، بەداخەوە پرۆسەکە لە ئەنجامی هاوئاهەنگیی سلێمانی و سەرۆکی پێشووی دابڕاو لە بەرەی تورکمانی، بەرەو شتێکی دیار دەچێت. بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا ئەوە بە خاڵێک دەگەیێنین. واتا ئێمە نامانەوێت پارێزگایەک هەبێ کە لەژێر کاریگەریی پەکەکە دا بێت. لەوێدا پرۆسەیەکی دەستاودەستکردن هەیە. بابەتی پارێزگار بە نۆرە لەنێوان کورد، عەرەب و تورکمان هەیە. لە بابەتی ئەوەی کێ لە کوردان پۆستەکە وەردەگرێت، کەمێک کێشە لەنێوان خۆیاندا دروست بوو."
ئەم وتەیەی وەزیری دەرەوەی تورکیا لەکاتێکدایە، ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییانی خەڵکی کەرکووک بۆ بەشداریکردن لە سەرژمێری ٢٠، ٢١ و ٢٢ـی ئەم مانگە گەڕانەوە زێدی خۆیان.