ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ کۆمیسیۆنی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی پەسەندکرد و بڕیارە ڕەوانەی سەرۆکایەتی هەرێم بکرێت.
نەبەرد عومەر بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئەنجوومەنی کۆمسیاران ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کردووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارە هەر ئەمڕۆ دەقی نووسراوەکە لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمسیارانەوە بەشێوەیەکی فەرمی ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بکرێت.
ڕۆژی ٢٠ی مانگی ڕابردوو پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی عێراق بەڕێوەچوو.
هەروەها پاش راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ڕۆژی ٣١ی مانگی ڕابردوو دەرگای تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە کە ٢٥ تانە لە سلێمانی، ١٢یان لە هەولێر، سێ لە دهۆک و یهك تانەش لە هەڵەبجە تۆمارکرا.
لە رۆژی ١٨ی ئەم مانگەشدا سەرجەم تانەکان لەلایەن دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانەوە رەتکرانەوە.