كه‌سوكاری‌ ئه‌و گەنجەی لە بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ كوردسات كوژرا، ته‌رمی‌ كوڕه‌كه‌یان بردە دەباشان

پاش ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە کەسوکاری ئەو گەنجەی ماوەیەك پێش لە بەردەم بنکەی پۆلیسی کوردساتی شاری سلێمانی کوژرا و ڕایانگەیاند کە" لەلایەن چەند چەکدارێکەوە تەقەی لێکراوە و ئەمڕۆ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە"، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ خانەوادەکەی تەرمی کوڕەکەیان بردە بەردەم ماڵی بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان.

بەپێی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٤ی تشرینی دووەم کەسوکاری ئەو گەنجە دوای‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ ته‌رمی‌ كوڕه‌كه‌یان، چوونه‌ به‌رده‌م ماڵی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە ده‌باشان و گردبوونه‌وه‌ و ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و تێیدا داوایانکرد کە مافیان وه‌ربگیرێته‌وه‌، ئه‌گه‌رنا هه‌ڵوێستی‌ دیکە دەگرنە بەر. 

هەروەها تەها ڕەحیم ئامۆزای کوژراوەکە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە بەردەم پزیشکی دادی سلێمانی بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند" ئامۆزاکەی بە ناوی داستان مەحمود (تەمەن ٤٠ ساڵ)، ئەمڕۆ لە ئەنجامی لێدانەکەی بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستدا کە ڕۆژی ٢٤ی مانگی ڕابردوو بە سێ فیشەک لە شەڕێکدا لە بەردەم بنکەی پۆلیسی کوردسات بریندارکرابوو". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، قوربانییەکە" ماوەی مانگێک لە کۆمادا بووە پێش ئەوەی ئەمڕۆ گیان لەدەستبدات". 

وتیشی" هەر لەو شەڕەدا ئەفسەرێکی پۆلیس و دوو کارمەندیش برینداربوون، جگە لە ئامۆزاکەم". 

تەها ڕەحیم لە درێژەی لێدوانەکەیدا ڕاشیگەیاند" ئامۆزاکەم دوو منداڵی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە، هەروەها پیشەی پێشمەرگە بووە لە لیوای یەکی فەوجی سێ لە ماڵی مام جەلال لە بەغدای پایتەخت دەوامی دەکرد". 

دەشڵێت" لە کۆی چوار کەس لە تۆمەتبارەکان سیانیان ئازاد کراون، تەنیا یەک کەسیان دەستگیرکراوە، بەڵام ئێمە سێ کەسی بێ تاوانمان دەستگیرکراوە".

هەروەها ئامۆزای کوژراوەکە داوای لە هەر یەک لە قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی کرد دۆسیەی کوژرانی داستان مەحمود حەمە ئەمین بگرنە ئەوستۆ و با یاسا سەروەر بێت. 



PM:04:01:24/11/2024