پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" لە کۆی ٢٦ بەڕێوەبەرایەتی ٢٠ یان لەلایەن ژنانی سنوری پارێزگای سلێمانییەوە بەڕێوەدەبرێن".
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤ لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕایگەیاند" بەدواداچوون بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پشتیوانی لە مافەکانی ژنان نابێت تەنها بۆ بۆنە دیاریکراوەکان بێت، بەڵکو پێویستە هەموو رۆژەکانی ساڵ هەوڵ بدەین بۆ خەبات لە دژی توندوتیژی ژنان و دەستەبەرکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی خیزانی".
وتیشی" ئەگەر کۆمەڵگا وەک بوونێکی زیندوو بزانین، ئەو لایەی کە دڵی تێدایە ژنە، ئەوان هێمای ژیان و گەشەسەندن و بەردەوامی کۆمەڵایەتین".
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، سلێمانی گرنگییەکی زۆر بە گەیشتن بە یەکسانی و بەهێزکردنی ژنان دەدات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرکردایەتی.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی" شانازی دەکەین کە لە کۆی ٢٦ بەڕێوەبەرایەتی لە سلێمانی ٢٠ یان لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پابەندبوونمانە بۆ پشتیوانیکردن لە تواناکانیان و بەدەستهێنانی دەرفەتی یەکسان".
ئەم لێدوانانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان دێن، لە کاتێکدا دەزگاکانی حکومەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەوڵ دەدەن ڕۆڵی ژنان لە بوارە جیاجیاکاندا بەرز بکەنەوە و بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی.