دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" پێویستە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ناکۆکی سیاسی دووربخرێتەوە".
شاخەوان عەبدولڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کەمێک پێش ئێستا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکان لە پەرلەمانی عێراق تایبەت بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ جاسم عەبود سەرۆکی دادگای فیدراڵی کۆبووینەوە".
دەشڵێت" جیا لە باسکردنی پەیوەندی نێوان هەردوو دەسەڵاتی دادوەری و دەسەڵاتی یاسادانان زۆر بە ڕوونی باسمان لە کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کرد کە ماوەی دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە بە بیانوی جۆراو جۆر و بێ بنەما لەلایەن وەزیری داراییەوە کە ئەمە پێچەوانەی بڕیاری دادگای ئیتحادییە بەوەی کە نابێت لە ژێر هیچ پاساوێک ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوا بکەوێت".
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاشیگەیاندووە" لای خۆشیەوە سەرۆکی دادگای فیدراڵی دوپاتیکردەوە کە ڕاستە ناوەرۆکی بڕیاری دادگا بەو شێوەیە و نابێت دەست بۆ مووچەی فەرمانبەران ببرێت و باسی لەوە کرد کۆبونەوەیەک رێکدەخەن تایبەت بەو پرسە و دەبیت کۆتایی بەو بابەتە بێت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر بکرێت و مانگانە لەگەل فەرمانبەرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بگاتە دەستیان".
شاخەوان عەبدوڵڵا وتیشی" هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لەوەکرد دیسان پێشێلی دەستور و یاسا کراوە لە بابەتی رێگریکردن لە جوتیارانی ئێمە بۆ گواستنەوەی بەروبومەکانیان بۆ ناوچەکانی باشور و ناوەڕاست، بۆ ئەو بابەتەش پشتراستی کردەوە کە دەستور رێگە نادات ئەو رێگرییە بکریت، لە چەند رۆژی داهاتوو هەر بۆ ئەو پرسانە کۆمەڵێک سەردانی و رێکاری یاسایی هەیە دەیگرینە بەر".