پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهانەوە، یاسای بودجە هەموار دەکاتەو.
بەپێی خشتەی کاری پەرلەمانی عێراق، لە دانیشتنی ڕۆژی سێشەممەدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ ڕەشنوسی هەمواری یاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ دەکرێت.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند" هەموارەکە بۆ یەک بڕگەی یاساکەیە کە تایبەتە بە تێچوی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان کە لە ڕابردودا بڕە پارەکەی کەمی بۆ تەرخانکرا بو بڕیارە زیاد بکرێت بۆ ١٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
وتیشی" ڕێککەوتنێکی سیاسی هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەو هەموارە لە پەرلەمان بە مەبەستی ئەوەی دوبارە نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهان هەناردە بکرێتەوە".
لای خۆشییەوە، موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، باسی لەوە کرد، هەمواری یاساکە تایبەتە بە مادەکانی ١٢ و ١٣ و جەختیشی کردەوە، پێش کۆتایهاتنی ئەم وەرزەی یاسادانان لە ٩ی مانگی داهاتو هەموارەکە تێدەپەڕێ.