حکومەتی هەرێم کار دەکات بۆ پاشەکەوتکردنی مووچەی مانگی (١١ و ١٢)
لە کاتێکدا مووچەی مانگی (١٠، ١١، ١٢)ی ساڵی (٢٠٢٤) دابەشنەکراوە و تەنها نزیکی مانگێکی ماوە بۆ کۆتایی ساڵ حکومەتی هەرێم کار دەکات بۆ پاشەکەوتکردنی مووچەی هەردوو مانگی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ئەمساڵی مووچەخۆران.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، لە فەرمانگەکانی سلێمانی بڕیارێک دەرچووە بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی ناو پارێزگاکە کە مووچەی هەردوو مانگی (١١، ١٢) تەسوییە بکەن. (ئەمەش ئاماژە بۆ پاشەکەوتکردنی مووچەی مانگی ١١ و ١٢)
هەر بەپێی ئەو زانیارییانە، پێدەچێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بێئومێد بووبێت لە خەرجکردنی مووچەی هەردوو مانگی (١١، ١٢) لە بەغداوە، خۆشی ئامادەنییە لە داهاتی ناوخۆ مووچەی هیچ مانگێک بدات، هاوکات بە شێوەیەکی ڕێکوپێکیش داهاتی ناوخۆی هەرێم ڕادەستی بەغدا ناکات، هاوکات بۆ بەبانکی کردنی مووچەی مووچەخۆرانیش هەر بە کێشەوە ماوەتەوە لە نێوان بەغدا و هەرێم.
حکومەتی هەرێم لە ئێستادا فشار دەکات لە بەغدا مووچەی مانگی ١٠ بنێرێت، بەغداش دەڵێت؛ پشکی هەرێم لە مووچەی ساڵی ٢٠٢٤ تەوابووە.
هەموو زانیاری و ئاماژەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە مووچەی مانگی ١١ و ١٢ وەک ساڵانی ڕابردوو پاشەکەوت بکرێت.
PM:12:47:26/11/2024