بارزانی: ڕێگە نادەین دەستوەردان لە کاروبارەکانمان بکرێت

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" ئەگەر عێراق بکێشرێتە ناو شەڕەوە لە ناوچەکەدا زیانی پێدەگات"، دەشڵێت" ڕێگە بە تورکیا و ئێران نادەین دەستوەردان لە کاروبارەکانمان بکەن". 

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ (سکای نیوز عەرەبی) ڕایگەیاند" پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغداد باشە و هەندێک بابەت هەن هێشتا لە ژێر گفتوگۆدان، بە تایبەتی پشکی هەرێم". 

سەرۆکی پارتی دەشڵێت" سوننەکان لە گۆڕانکارییەکەی دوای ڕووخانی سەدام تێنەگەیشتوون و ئەو پێشنیازانەیان قبوڵ نەکردووە کە بۆیان خراوەتەڕوو".

بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی" هێزە شیعەکان داوایان لێکردم نێوەندگیری لەگەڵ سوننەکاندا بکەم بۆ ئەوەی لەسەر یەک کاندید ڕێکبکەون بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان، بەڵام ڕێکنەکەوتن". 

مەسعود بارزانی ڕاشیگەیاند" لە بەرژەوەندی ئێمەدا نییە کە هیچ گرژییەکمان لەگەڵ ئێران و تورکیا هەبێت، پەیوەندییەکانیش لەگەڵ هەردوولا ئاساییە". 

جەختیشی لەوە کردەوە کە" هەرگیز لە بەرنامەی ئێمەدا نەبووە کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا و ئێران گرژ بکەین، بەڵام ڕێگە نادەین هەر کەسێک دەستوەردان لە کاروباری ئێمەدا بکات". 

بارزانی هێمایی بۆ ئەوەشکرد" ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ئامادەبوو لە هەرێمی کوردستان دەستوەردانیان نەکرد و گوێیان لە ڕێنماییەکان گرت، لە کاتێکدا پارتی کرێکارانی کوردستان دەستوەردانی کرد و گوێی بە ڕێنماییەکان نەگرت". 

ڕوونیشیکردەوە، عێراق ئەو کەسەیە کە زیانی پێدەگات بەهۆی ڕاکێشانی بۆ ناو شەڕی ئێستای ناوچەکە.

مەسعود بارزانی باسی لەوەشکرد، داعش هێشتا هەڕەشەیەکی جددییە و کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان کێشەیە بەبێ تەیارکردنی سوپای عێراق و پێشمەرگە.



PM:01:05:26/11/2024