هۆشداری لە هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی سەرما دەدرێت

کەشناسێک ھۆشداری لە ھاتنی شەپۆلی سەرما دەدات و کەشی رۆژانی داھاتوو بڵاودەکاتەوە و وتی" لەکاتەکانی ئێوارەوە قۆناخی کۆتای ئەم شەپۆلە دەستپێدەکاتەوە و لەگەڵیدا بارستە ھەوا ساردەکە بەتەواوی دەگاتە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و پلەکانی گەرما بەرێژەیەکی بەرچاو نزمدەبنەوە".

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی رایگەیاند" قۆناخی یەکەمی شەپۆلی بارانبارین کاتەکانی بەیانی ئەمڕۆ کۆتای پێھات و لەکاتەکانی ئێوارەوە قۆناخی کۆتای ئەم شەپۆلە دەستپێدەکاتەوە و لەگەڵیدا بارستە ھەوا ساردەکە بەتەواوی دەگاتە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و پلەکانی گەرما بەرێژەیەکی بەرچاو نزمدەبنەوە و بارانی مامناوەند پچر پچریش لەناوچە جیاجیاکاندا دەستپێدەکاتەوە و لەگەڵ بارینی بەفرێکی کەم بۆ مامناوەند لە ناوچە شاخاویەکان و بەتایبەت ناوچە سنورییەکان لەبەرزی ١٢٠٠ مەتر لەئاستی ڕووی دەریاوە ".

ئاماژەی بەوەشداوە درەنگانی شەو کۆتای بە شەپۆلی بەفر و بارانەکە دێت و سبەی چوارشەمە ٢٧ی مانگ ئاسمانی ھەرێم نیمچە ھەور ئەبێت و کەش سەقامگیر ئەبێت و لەئەنجامی بەردەوامی کاریگەری بارستە ھەوای سارد و وشک پلەکانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ ٤ تا ٥ پلە نزمتر ئەبێتەوە ھەست بەکەشێکی سارد دەکرێت و لەبەرەبەیانی رۆژی پێنجشەمەش ٢٨ی مانگ بەھۆی نزمبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما بۆ سفر و لەناوچە شاخاویەکان چەند پلەیەک بۆ خوار سفر ئەگەری بەستن و شەختە ئەبێت ".

ئاراس جەبار دەشڵێت" تا کۆتای ئەم ھەفتە وشکە سەرما بەردەوامی ئەبێت و پلەی گەرمی بەجێگیری ئەمێنێتەوە و لە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو بەدواوە بەرێژەیەکی کەم بەرزدەبێتەوە ، سەبارەت بە کەشی رۆژانی داھاتوو بەگشتی تا نزیک ناوەراستی مانگی ١٢ھەرێمی کوردستان و ناوچە لەژێر کاریگەری بەرزەپاڵەپەستۆیەکاندا ئەبێت بۆیە بەدرێژای ئەو ماوەیە کەشوھەوا سەقامگیر ئەبێت و ئەگەری ھاتنی شەپۆلی باران لاواز ئەبێت ".




PM:04:57:26/11/2024