ئاسایشی سلێمانی رۆژنامەنووس کارزان تاریق پەیامنێری ناسراوی کەناڵی NRT دەستگیر دەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٦ی تشرینی دووەم (كارزان تاریق) پەیامنێری NRT لە کاتێکدا دەچێت بۆ تازەکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری، لە بەشی کۆمپیتەر پێیانراگەیاندووە؛ فەرمانی دەستگیركردنت هەیەو، لەو فەرمانگەیە هێشتوویانەتەوە تا هێزێكی ئاسایش چووە، گواستویانەتەوە بۆ ئاسایشی سلێمانی زیاتر لە پێنج کاتژمێر لە ئاسایش هێڵراوەتەوە.
دواتر ئەو رۆژنامەنووسە رادەستی پۆلیس کراوەو گوازراوەتەوە بۆ بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕ و ئێستا چاوەڕوانی بڕیاری دادوەرن تا بە كەفالەت ئازاد بكرێت و تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کە کاتژمێر ٨ ئازاد نەکراوە.
میترۆ ئاماژە بەوە دەکات ئەو بابەتەی كارزانی لەسەر دەستگیركراوە پەیوەندی بە كارەكەیەوە هەیە نەك بابەتێكی تر و دەڵێن" كەیسەكانی تایبەت بە كاری رۆژنامەنوسان و هێشتنەوەی لە گرتوخانەكان بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك رەتدەكەینەوە و دەبوو لە ئیختساسی پۆلیس بوایە و بە كەفالەتی شوێنی كاری ئازاد بكرایە".
بەپێی یاسای ٣٥ رۆژنامەنووسی ساڵی ٢٠٠٧ رۆژنامەنووس تەنها لەلایەن دادگاکانەوە فەرمانی لێپێچینەوەی لێدەکرێت، هاوکات پۆلیس رێوشوێنە یاساییەکان جێبەجێدەکات نەک ئاسایش و هێزەکانی تر.
کارزان تاریق یەکێکە لە پەیامنێرە ناسراوەکانی سلێمانی کەناڵی NRT و چەندان ساڵە لەو کەناڵە کاردەکات و چەند جارێک جار لەسەر کاری رۆژنامەنووسی دەستگیرکراوە.