"هەر شۆفێرێکی بارهەڵگر پابەندی رێنماییەکان نەبن سزادەدرێن"

هاتووچۆی دەربەندیخان شۆفێرانی بارهەڵگر ئاگاداردەکاتەوە و دەڵێت" ئەگەر ئۆتۆمبێلەکانیان لە ناو شەقام و کۆڵانەکاندا ڕابگرن، سزا دەدرێن". 

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی دەربەندیخان، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاگاداری سەرجەم شۆفێری بارهەڵگرەکان دەکاتەوە و دەڵێت" ئەوانەی لە کۆڵان و شەقامەکان بارهەڵگرەکانیان پارک دەکەن و دەبنە هۆی ئازار و ئەزیەت بۆ خەڵک و تێکشاندنی شۆستە و شەقامەکان، کۆتا کات ڕێکەوتی ١ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵە بۆ دوورخستنەوەی بارهەڵگرەكانیان". 

ئاماژەی بەوەشكردووە، لەو ڕێکەوتە بەدواوە مەفرەزەکانمان سزای سەرجەم ئەو بارهەڵگرانە دەدەن کە پابەندی ڕێنمایییەکانمان نابن و هەر لە شوێنی پارککراوی بارهەڵگرەکە سزای سەرپێچیەکەی دەدرێت. 

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە ڕێگەی جیهازی (pdi) و پاش سزادانی بە نامەیەک بۆ خاوەنی بارهەڵگرەکە دەچێت و ئاگاداری دەکاتەوە کە سزا دراوە، بۆیە پابەندی ڕێنمایەکانمان بن.



AM:10:03:27/11/2024