پارتی گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی سلێمانی دەستپێدەکات

ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ شاندی پارتی سەردانی شاری سلێمانی دەکەن بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێ". 

دڵشاد شەهاب ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لە ئەمڕۆوە گفتوگۆ لە نێوان لایەنە سیاسییەکان لە سلێمانی دەستپێدەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت". 

وتیشی" هەوڵدەدەین بگەینە کۆدەنگییەک کە بەرژەوەندییەکانی هەرێم بەدیبهێنێت و پرۆسەکە سەقامگیری سیاسی مسۆگەر بکات". 

ئەندامەکەی شاندی دانوستانکاری پارتی هێمای بۆ ئەوەشکرد" دەرگاکانی پارتی بە ڕووی هەموو لایەنە سیاسییەکاندا کراوەن، هیچ پێشمەرجێکیشمان نییە، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قۆناغێکی گرنگ و بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەبێتەوە کە دوای دەنگدان لەلایەن دەنگدەرانەوە دادەنرێت". 

پێشتر نێچیرڤان بارزانی فەرمانێکی هەرێمی دەرکرد و داوای لە لایەنە سیاسییەکانی بردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان کرد، لە سەرەتایی مانگی داهاتوودا یەکەم دانیشتنی پەرلەمان ئەنجامبدەن.

ڕۆژی ٢٠ی مانگی ڕابردوو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامی کۆتایی پارتی ٣٩ کورسی بەدەستهێناوە و ژمارەیەکی دەنگەکانی نزیکەی ٨٠٩ هەزار و ١٩٧ دەنگیان بەدەستهێناوە، هەروەها یەکێتی بە ٢٣ کورسی بە نزیکەی ٤٠٨ هەزار و ١٤١ دەنگ لە پلەی دووەمدا هات و جوڵانەوەی نەوەی نوێ ١٥ کورسی بەدەستهێنا.

هاوکات یەکگرتووی ئیسلامی ٧ کورسی و ڕەوتی هەڵوێست ٤ کورسی و کۆمەڵی دادگەری ٣ کورسی و بەرەی گەل ٢ کورسی و بزووتنەوەی گۆڕان یەک کورسی و هاوپەیمانی هەرێمی کوردستانیش یەک کورسی بەدەستهێنا.



PM:12:01:27/11/2024