پەرلەمانی کوردستان دوای پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن کە لە ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی یەکەم دانیشتنی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو ڕاگەیاند.
سامان ئەحمەد بەرپرسی راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ڕۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان کارنامەی یەکەم دانیشتنی خۆی بڵاودەکاتەوە".
بەرپرسەکەی راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە (٤٨) کاتژمێر پێش دەستپێکردنی دانیشتنەکە خشتەی دانیشتنی یەکەم بڵاوبکرێتەوە. (ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئامادەیی پەرلەمان بۆ ئەنجامدانی یەکەم کۆبوونەوەی کە بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو ئەنجام بدرێت)
ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو دەستەی کۆمیسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی پەسەند کرد و سەرجەم تانەکانی لایەنە ناڕازییەکانی ڕەتکردەوە.