نەوەی نوێ: پێویستە ئەو لایەنەی پۆستی سەرۆک وەزیران وەردەگرێت هیچ پۆستێکی دیکەی نەبێت

نەوەی نوێ جەخت لەوەدەکاتەوە کە ڤیتۆیان لەسەر هیچ لایەنێک نییە و جگە لە پارتی لەگەڵ هەموو لایەنێک کۆدەبنەوە و دەڵێت" پێویستە ئەو لایەنەی پۆستی سەرۆک وەزیران وەردەگرێت هیچ پۆستێکی دیکەی نەبێت".

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ـی ١١ـی ٢٠٢٤، کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمان بە میدیای حزبەکەی  رایگەیاند" لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتیدا پرۆژەی نەوەی نوێیان داوەتە پارتی و پێیان وایە دەبێت گۆرانکاری بنچینەیی بکرێت و پۆستی سەرۆک وەزیران بەرامبەر پۆستەکانی دیکە بێت و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بکرێت."

کاوە عەبدولقادر وتیشی"  لە پرۆژەکەی نەوەی نوێدا ئەوە هاتووە کە پێیویستە ئەو لایەنەی پۆستی سەرۆک وەزیران وەردەگرێت هیچ پۆستێکی دیکەی نەبێت و پۆستەکانی دیکە بدرێت بە لایەنەکانی دیکە".

ئاماژەی بەوەشکردووە کە هەرێم پێویستی بە گۆڕانکارییە و دەبێت وەک چۆن لە هەڵبژاردندان گۆڕانکاری کرا لە پێکهێنانی حکومەتی نوێش گۆڕانکاری بکرێت.

نەوەی نوێ جەختی لەوە کردووەتەوە کە  ڤیتۆیان لەسەر هیچ لایەنێک نییە و جگە لە شاندی پارتی لەگەڵ شاندی سەرجەم لایەنەکان کۆدەبنەوە.

ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی بە جیا شاندیان بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنەکان پێکهێنا و بەمەستی دانوستان لەسەر پێکهێنانی حکومەت سەردانیان لایەنەکانیان کرد.





PM:07:32:27/11/2024