ئەندام پەرلەمانێکی عێراق ئاشکرای دەکات کە هیچ کات حکومەتی عیراق، مافی تەواوی دانیشتوانی هەرێمی لەبودجەدا نەداوە، بۆیە چاوەڕوانیش ناکرێت بەپێی ئەم سەرژمێرییە رێژەی بودجەی هەرێم زیاد بکرێت".
کاروان یاروەیس ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فڕاکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند" لەدوای ساڵی ٢٠٠٥ەوە هیچ کات حکومەتی عیراق، مافی تەواوی دانیشتوانی هەرێمی لەبودجەدا نەداوە، بۆیە چاوەڕوانیش ناکرێت بەپێی ئەم سەرژمێرییە کە دانیشتوانی هەرێم زیادیکردووە رێژەی بودجەی هەرێم زیاد بکرێت".
بە وتەی ناوبراو " بەپێی یاسای بودجەی گشتی عیراق کە بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ لەپەرلەمانەوە دەنگی لەسەردراوە، بودجەی هەرێم بە ١٢.٦٧ دیاریکراوە، بۆیە چاوەڕوان ناکرێت بۆ ساڵی ئایندەش دەستکاری بوودجەی هەرێم بکرێت".
کاروان یاروەیس وتی" بەرزبوونەوەی رێژەی دانیشتوانی هەرێم کاریگەری لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان دەبێت، هاوکات لەگەڵ ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق چەند بڕگەیەکی لە یاسای بودجە هەموارکردووەتەوە و ناردویەتییە پەرلەمان، بەڵام هیچ کام لەو بڕگە هەموارکراوانە پەیوەندی بەبڕگەی مووچە و بەشە بودجەی هەرێمەوە نییە".
ئاماژەی بەوەشدا دەکرێت بۆ ساڵانی ئایندە کورد رێژەی دانیشتووان بکاتە پێوەر بۆ دیاریکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەپێی ئەم یاسایەی لەئێستادا هەیە بودجەی هەرێم بۆ ساڵی داهاتووش وەک رابردوو دەبێت".
لە بودجەی گشتی عیراق کەساڵانە بۆ هەرێم دێت ، دەگاتە ٢٠ ترلیۆن دینار،بەڵام ئەگەر بەغدا بەپێی رێژەی دانیشتوان، بودجە بۆ هەرێم بنێرێت لەئێستادا پێویستە نزیکەی ٢٢ ترلیۆن دینار بۆ هەرێم بنێرێت.