ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و وەزیری ناوخۆی بەریتانیا گفتوگۆ لەبارەی گرنگی برەودان بە هاریكاری و هاوئاهەنگی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆچی نایاسایی، تاوانی ڕێكخراو و بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر كرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی پێشوازی لە ئیڤێت كووپەر وەزیری ناوخۆی بەریتانیا كرد، لە كۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پێوەندی دوولایەنە و هەوڵەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی كۆچكردنی نایاسایی تاوتوێ كران.
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی لە سەرۆكی حكومەت كرد و بە هەڵبژاردنێكی سەركەوتووی ناو برد.
هەروەها لای خۆشیەوە مەسرور بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی كوردستانی بۆ پشتیوانی و هاریكاری شانشینی یەكگرتوو دەربڕی، خواستی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ بەهێزتركردنی پێوەندی دوولایەنە لە هەموو بوارەكاندا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش دووپاتكردەوە.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی برەودان بە هاریكاری و هاوئاهەنگی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆچی نایاسایی، تاوانی ڕێكخراو و بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر.