ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" وەزارەتی نەوتی عێراق بەمزوانە نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هەرێم دەنێرێت و بۆ بەنزینیش بڕیار دراوە".
سەباح سوبحی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕایگەیاند" لە میانی کۆبوونەوەمان لەگەڵ عەلی معارج بریكاری وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری دابەشكردن، باس لە دابەشكردنی نەوتی سپی كە بڕەکەی ٥٠ ملیۆن لیترە بۆ هەرێم کراوە، هەروەها تەرخانكردنی بەشێك لە بەنزینی نۆرماڵ بۆ هەرێمی كوردستان و هەژماركردنی لیتری قیاسی نەك قەبارەی سروشتی بۆ ناردنی بەشی هەرێم لە نەوتی سپی تاوتوێ کراون".
ئەوەشی خستەڕوو، هەر لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردراوە بەشی هەرێم لە نەوتی سپی دەستبەجێ بنێرێت، هەروەها چاوەڕێبكرێت بارودۆخی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور باش بێت بۆ بەرهەمی بەنزین، تا بەشێك بۆ هەرێم تەرخانبكرێت.