یەکێتی و یەکگرتوو جەخت لە گرنگی پێکهێنانی دامەزراوەکانی هەرێم دەکەنەوە

ئەمڕۆ پێنج شەممە یەكێتی و یەكگرتووی ئیسلامی لە سلێمانی كۆبوونەوە و جەختیان لە" گرنگی پێکهێنانی دامەزراوەکانی هەرێم لەسەر بنەمای خزمەتکردنی هاوڵاتییان کردەوە". 

ئەمڕۆ ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ وەفدی باڵای یەكێتی بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی لە سلێمانی سەردانی یەكگرتووی ئیسلامیان كرد و لەگەڵ وەفدی باڵای ئەو حزبە بە سەرۆكایەتی سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتوو كۆبوونەوە.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوە، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حزب و دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکانی قۆناغی پاش هەڵبژاردن کرا.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" لە بەشێکی کۆبونەوەکەدا کە تایبەت بوو بە قۆناغی دوای هەڵبژاردن، هەردولا هاوڕابون لەسەر گرنگی پێکهێنانی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای خزمەتکردنی باشتری هاوڵاتییان، بۆ ئەو مەبەستەش جەخت لە پێویستی گرتنەبەری هەنگاوی کردەی باشتر کرایەوە کە بژێوی هاوڵاتییان و خزمەتکردنیان لە پێشینەی کارەکانی داهاتوو بێت". 



PM:06:48:28/11/2024