وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ڕێکەوتنی لەگەڵ عێراق و هەرێم واژۆکرد و بڕی ٥٠٠ هەزار پاوەند دەداتە هەردوولا بۆ بە مەبەستی پاراستنی سنوورەکانی عێراق و هەروەها ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم بەشداربوو ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاند، ڕێکەوتنی ئەمنی لە نێوان بەریتانیا و عێراق و هەرێم کراوە بەمەبەستی ڕیگریکردن لە کۆچی نایاسایی هاووڵاتیان بۆ ئەو وڵاتە.
بەپێی ڕێکەوتنەکە، حکومەتی بەریتانیا ٣٠٠ هەزار پاوەند بۆ راهێنانی ئەمنیی پاراستنی سنوور دەداتە عێراق و ٢٠٠ هەزار پاوەند بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی دەداتە هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەرێمی کوردستان تیمێکی نوێ بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی پێکدەهێندرێت، و ئەم رێکەوتنە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ قاچاخچییە تاوانکارەکان کە ئێمە لە سەرانسەری جیهان بەدوایانەوە دەبین.
ڕێکەوتنەکەی بەریتانیا و عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاخبردنی مرۆڤ و بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورە لەگەڵ عێراق و هەرێم.
ئەوەش لە کاتێکدایە بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا تەنها لە ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٣٠ هەزار کۆچبەری نایاسایی گەیشتوونەتە بەریتانیا و لە ئێستادا زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کوچبەری نایاسایی لەو وڵاتە ژیان دەکەن کە دەکاتە ١٪ کۆی گشتی دانیشتوانی بەریتانیا.