وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی نەوتی سپی بۆ هەرێم

وەزارەتی نەوتی عێراق لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ شاندێکی هەرێم بڕیاریدا بە ناردنی نەوتی سپی و ئەگەری ناردنی بەنزینیش لە ئارادایە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٨ی تشرینی دووەم شاندێکی هەرێمی کوردستان کە بریتیبوون لە فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، سەید فەلاح مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کانزایی، موحسین تەها، راوێژکار لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ عەلی معارج، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دابەشکردن کۆبوونەوە.
 
بەگوێرەی وتەی شاندی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، بڕیاردرا دەستبەجێ بەشە نەوتی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، کە بڕەکەی ٥٠ ملیۆن لیترە.
 
هەروەها، لەبارەی هەناردەکردنی بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان، بریکارەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق وتوویەتی، داوای شاندەکەی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن و لە داهاتوودا وەڵامیان دەدەنەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە نرخی نەوتی سپی ڕۆژ بەڕۆژ گران دەبێت و ئەمڕۆ نرخی یەك بەرمیل گەیشتۆتە ١٦٥ هەزار دینار، كە نەوتی بێجی-یە.

هاوکات بەپێی بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم، هەر خێزانێك بڕی یەك بەرمیل نەوتی ٢٠٠ لیتری پێ‌ دەدرێت بە ١٠٤ هەزار دینار، بەڵام بەشێكی هاووڵاتیان وەری ناگرن و گلەیی لە نرخ و كوالێتییەكەی و كەمی بڕەكەی دەكەن.




PM:07:54:28/11/2024