وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت" دوای بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەمان لە پۆستە حكومی و خۆجێیەكان، لە ئێستادا تەنها میكانیزمی كارگێڕی ماوە".
دلێر عەبدولخالق وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" دوای بڕیاری جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان هەریەك لە مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆكی هەرێم، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، كوێستان محەممەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، پابەندی بڕیارەكە بوونە، هەروەها هەڤاڵ ئەبوبەكر نامەی دەستلەكاركێشانەوەی پێشکەش بە وەزیری ناوخۆی هەرێم کردووە".
وتیشی" دەستلەكارکێشانەوەی بەرپرسانی حكومی و ئیدارە خۆجێیەكان، پەیوەندی بە ڕۆتین و میكانیزمی كارگێڕییەوە هەیە، دوای ئەو قۆناغە هەر وەزیرێك یان بەرپرسێكی ئیداری لە پۆستەكەی بمێنێتەوە، نوێنەرایەتی بزووتنەوەی گۆڕان ناكات.
وتەبێژەکەی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو، حزبەکەی بەشداری یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، بەڵام وەک ئۆپۆزسیۆن بەشداری دەکەن.
دەشڵێت" دەمانەوێت وەک ئۆپۆزسیۆنێکی چالاک و کاریگەر کاربکەین و گرفتەکان بخەینەڕوو بۆ ئەوەی باشتر داواکارییەکانی هاوڵاتییان بگەیەنین".
هەروەها داواشی لە لایەنە باڵا دەستەکان کرد لەسەر ستراتیژێکی نیشتیمانی کوردستانی دانوستان بکەن.
پێش چەند ڕۆژێک لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاریدا لە حكومەت بکشێتەوە، بەڵام تائێستاش دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە پابەندی بڕیارەکە نەبووە و بە فەرمی ڕایگەیاند کە" پابەندی بڕیاری حیزبەكەی نابێت".