تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەگەڵ ١٧ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی و جیهانی داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەی هەریەک لە زیندانیانی سیاسی پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی دەکەن.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ ١٧ ڕێکخراوەی ئێرانی و جیهانی لەبارەی سزای لە سێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و دەڵێن" داوا دەکەین دەستبەجێ سزای لە سێدارەدانی سەرجەم زیندانییە سیاسییەکان لە ئێراندا هەڵبوەشێندرێتەوە، چونكە ئەو دوو ژنە هێمای بەرخۆدان و خەباتی مێژووی ژنانن".
وەریشە مورادی خەڵکی شاری سنە و پەخشان عەزیزی خەڵکی مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و نزیکەی ساڵێکە لە زیندانی ئەوینی تاران دەستگیرکراون و بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە پارتە سیاسیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە.
دەقی بەیاننامەکە:
بە ناوی ژیان، بە ناوی مرۆڤایەتی، بە ناوی جوانی
ئەم وشانە دەسپێکی نامەیەکن کە وریشە مورادی، زیندانیی سیاسی و یەک لە هەزاران ژنی خەباتگێڕی کورد، لە زیندانی ئەوینەوە نووسیویەتی. وشەگەلێک کە جارێکی تر دەنگی ئەو ژنانەمان وەبیر دێنێتەوە کە لە ئێران و کوردستاندا بوێرانە و خۆڕاگر، لە هەمبەر سیستەمی سەرکوتدا گیانی خۆیان دەکەنە قەڵغان. ئەم بەیاننامەیە دەنگی ئەوان و وەڵامێکە بۆ بانگەوازەکەی ئەوان.
دوای دەسپێکردنی سەرهەڵدانی ‘ژن، ژیان، ئازادی”، ئێران دیسانەوە بە مەبەستی زاڵکردنی کەشی ترساندن و تۆقاندن شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدانی دەست پێ کردووە. ئەم جارە سەرکوتکردنی ژنان و خەڵکی کوردستان، دوو باڵی گرنگ و خۆڕاگری خەبات، کەوتوونەتە ناوەندی ئەم سیستەمە سەرکوتکارەوە. لەم قۆناغە نوێیەدا ژنان و پیاوانی بوێری وەک وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی دوور لە هەرچەشنە دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە و بە هەندێ تۆمەتی ناڕاست و ساختە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە
ئەمڕۆ وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی، ئەو دوو ژنە کوردەی بوونەتە نوێنەری ساڵەها خەباتی دژ بە داپڵۆسین و سەرکوتی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی، لە بەردەم مەترسیی لەسێدارەداندان. ئێمە، وەک ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، وەبیر کۆمەڵگای ئێران و هەموو ئازادیخوازانی دێنینەوە کە لە خەباتی دژ بە حکومەتێکدا کە ژنی تەنها وەک کەرەستەیەک بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی پیاوسالارانە دەوێت و وەک هەڕەشەیەکی گەورە لە هەموو ئەو ژنانە دەڕوانێت کە لە بەردەم ئەم حکومەتەدا مل کەچ ناکەن، خەبات بۆ ڕاگرتنی ئەم لەسێدارەدانانە گەلێ گرنگە.
هەروەها جەخت دەکەینەوە کە ئێران قەت ناتوانێت بە دروستکردنی قوربانی لە ناو کۆمەڵگەی خەباتگێڕی ئێران و کوردستاندا قەیرانە سیاسییەکانی دەرەوەی سنوورەکانی چارەسەر و هاوسەنگ بکات. هەروەک چۆن وریشە مورادی لە نامەیەکدا لە بەندی ژنانی زیندانی ئەوینەوە ئاماژەی بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوین و بارودۆخی ناوخۆی ئێران کردووە و نووسیویەتی: ئاگری شەڕ سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوینی داگرتووە و نابێ بهێڵین هاوکات لەگەڵ شەڕی سەرووسنووریدا کوشتارەکانی دەیەی ٦٠ دووپات بێتەوە.
ئەم ڕستەیە ئاگادارکردنەوەیەکی مێژووییە لەمەڕ لێکگرێدراویی قەیرانە ناوچەییەکان و سەرکوتکارییە ناوخۆییەکان و ڕەهەندە ئاڵۆز و کارەساتبارەکانی دۆخی ئەمڕۆی ئێران ڕوون دەکاتەوە؛ ئەو شوێنەی کە سەرکوتکاریی ناوخۆیی و سیاسەتی شەڕخوازانە بە شێوەی هاوکات بەڕێوە دەبرێن، ئەویش لە پێناو پاراستنی هێز و بەردەوامکردنی دەسەڵاتخوازیی ڕژێمی ئێراندا.
پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکان و ناچارکردن بە دانپیانانی زۆرەملێ
لە دۆسیەکەی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزیدا، وەکوو زۆربەی زیندانییە سیاسییەکانی تر، مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە چەندین و چەند جار پێشێل کراوە. ئەم ژنە خەباتکارانە نەک تەنها لە مافی وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کرابوون، بەڵکوو بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابوونە ژێر گوشاری قورس و ئەشکەنجەی نامرۆڤانەوە. ئێمە وەک ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، لە بەرانبەر ئەم ڕەوتە نامرۆڤانەیەدا هەڵوێستی خۆمان ڕادەگەیەنین و هەموو توانای خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ فەراهەمکردنی دەرفەتی دادخوازی بۆ ئەم دوو ژنە خەباتگێڕە.
پێویستیی دەسپێشخەریی جیهانی و هاوپشتیی جەماوەری
ئەمڕۆ دەنگی وریشە و پەخشان تەنها بۆ کوردستان یان ئێران کورت نابێتەوە. ئەم دوو ژنە هێمای بەرخۆدان و خەباتی مێژوویی ژنانن، ئەو ژنانەی سەرەڕای هەموو هەڕەشە و مەترسییەکان کۆڵ نادەن و شەڕ دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی مافی ژیان و ئازادی. بانگەوازی ئەوان بۆ ڕای گشتیی دونیا بانگەوازێکە بۆ هاوپشتی لەگەڵ هەموو ئەو ژنانەدا کە لەژێر چەتری سەرکوت و هەڵاواردندان.
ئێمە وەک ڕێکخراوەی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوەی خەڵکی، داوای هەڵوەشاندنەوەی دەسبەجێ و خێرای سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی و سەرجەم زیندانیانی سیاسی دەکەین. ئەم ژنانە بە ئیرادە و بوێریی خۆیان وەرزێکی نوێیان لە خەبات بۆ ئازادی و یەکسانیدا کردووەتەوە و ئەم لەسێدارەدانانە بێگومان لێکەوتەی قورسی بۆ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بەدواوە دەبێت. هەر دڵۆپێک لە خوێنی ئەم ژنانە دەبێتە برینێکی لەبیرنەکراوە لەسەر جەستەی سەرکوتکاری ڕژێم و پاڵنەرێکی نوێ بۆ کۆمەڵگەی خەباتکاری ئێران.
ئێمە لەم زیندانە بێبەزەیی و نامرۆڤانەیەدا، ڕەهەندی مرۆڤانەمان زیاتر دەپشکوێ و لە ئەزموونی دەسەڵات و مرۆڤانەبووندا، ژنبوون سەری بەرزە و بە سەرکەوتوویی دەربازی دەکات
ناونیشانی ڕێکخراوەکان: کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، پەرەپێدانی فێرکاریی نێونەتەوەیی، ناوەندی پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ، ئەنجوومەنی قەڵەمی ئەمریکا تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئەهواز، هاوپشتیی دژ بە سێدارە، کامپەینی چالاکانی بەلووچ، ڕەسانەک، ناوەندی عەبدوڕەحمان بروومەند بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا، مافەکانی مرۆڤ بۆ هەموان لە ئێراندا، ناوەندی سیامەک پوورزەند، گرووپی مافەکانی مرۆڤی بەلووچستان، مافی مرۆڤی ئێران، مێهرئەنگیز کار، دامەزراوەی مافەکانی مرۆڤی خەڵکی ئازەربایجان لە ئێراندا، ڕێکخراوی یەکگرتن بۆ ئێران، ئەتڵەسی زیندانەکانی ئێران.