ئەمڕۆ وەفدێکی یەكێتی بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم سەردانی نەوەی نوێی کرد و سەرۆکی شاندی جوڵانەوەکەش دەڵێت" ئەو پڕۆژەی پێشکەشمانکردووە توانای گۆڕینی سیستمی حکومڕانی هەرێمی کوردستان هەیە".
ڕێبوار ئەوڕەحمان سەرۆکی شاندی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی پاش کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکێتیدا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە و پڕۆژەکەی خۆیان کرد و ڕایگەیاند" پرۆژهی خۆمان بۆ پێكهێنانی كابینهی نوێی حكومهتی ههرێم پێشکەشی شاندی دانوستانکاری یهكێتی کرد و بڕیارە دیراسەی بکەن و پاشان وەڵاممان بدەنەوە".
وتیشی" یەکێک لە خاڵەکانی پڕۆژەکەمان بریتیە لەوەی لایەنە براوەکان دابەشبوون بۆ دوو بەرە، ئەو بەرەی پۆستی سەرۆك وەزیران هەڵدەبژێرێت واز لە تەواوی پۆستەكانی دیكە بهێنێت بۆ بەرەكەی دیكە".
سەرۆکی شاندی نەوەی نوێ ئەوەشی خستەڕوو، خاڵێکی دیکەی پڕۆژەکە بریتییە لەوەی کە پێویستە سەرۆک وەزیران پلەی فەرمانبەران بەرزبکاتەوە و باج و سەرانە لەسەر هاوڵاتییان لابەرێت، هەروەها دەستبکات بە دامەزراندنی دەرچووە دانەمەزراوەکان و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ گەنجان.
ڕێبوار ئەوڕەحمان هێمایی بۆ ئەوەشکرد" بڕوامان وایە ئەو پڕۆژەیەی پێشکەشمانکردووە بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە پڕۆژە باشەکان کە توانای گۆڕینی سیستمی حکومڕانی هەیە لە هەرێمی کوردستان، چونکە ئەو حکومڕانییەی لە ماوەی ٣٣ ساڵی ڕابردوودا لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە لە هەرێم کراوە پێویستی بە گۆڕانکارییە و سورین لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکەمان".
سەردانی یەکێتی و پارتی بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بۆلای لایەنە سیاسییەكان بەردەوامە و بڕیارە پاش بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستانیش كۆبوونەوەی نێوان یەكێتی و پارتیش ئەنجامبدرێت.
لەم لینکەوە ڤیدیۆی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە ببینە