سزای بکوژی خواناس وریا گۆڕا بۆ سێداره‌

دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان سزای بکوژی خواناس وریای گۆڕی بۆ لە سێدارەدان. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دادگای سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی ٢٩ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند" ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو دادگای پێداچوونەوەی  هەرێمی کوردستان دۆسییەی کوشتنی خواناس وریای لە تیرۆرەوە گۆڕی بۆ رووداوی کوشتن و بەوەش سزای بکوژەکەی لە زیندانی تاهەتاییەوە کردە سێدارە". 

بڕیارەکەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم لە کاتێکدایە، ڕۆژی ٢٥ی حوزەیرانی ئەمساڵ دادگای سلێمانی بڕیاریدا بە سەپاندنی سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەر بکوژی خواناس وریادا و پارێزەری دۆسیەی خواناس وریاش ڕایگەیاند" چەند کەسێکیش لە دۆسیەکەدا تۆمەتبارن". 

وتیشی" بڕیارەکە بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دراوە". 

هونەرمەند خواناس وریا گلی ٢٥ ساڵ دانیشتووی چەمچەماڵ بوو ساڵی ڕابردوو لەناو بازاڕی قەزای چەمچەماڵ درایە بەر دەستڕێژی گوللـە و کوژرا، دواتریش بكوژ خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەكان كرد و هۆكارەكەی بۆ "جیاوازی بۆچوونی دینی" گەڕاندەوە.



PM:05:25:29/11/2024