دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ پەرلەمانی کوردستان کارنامەی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی خۆی بڵاوکردەوە.
بەپێی خشتەکە، دانیشتنی یەکەم لە کاتژمێر ١١:٠٠ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ دەستپێدەکات.
بەپێی کارنامەی دانیشتنەکە، لە کۆبوونەوەکەدا بانگهێشتی سەرۆکی دیوانی پەرلەمان دەکرێت کە بە تەمەنترین کاندیدە لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتوو بووە، بۆ ئەوەی سوێندی یاسایی بخوات و دانیشتنەکە بەڕێوەببات.
هەروەها لە کۆتا بڕگەی کارنامەی دانیشتنەکەدا، سەرۆکی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بانگهێشتی کاندیدە براوەکان دەکات بۆ سوێندخواردنی یاسایی.
پێشتر نێچیرڤان بارزانی فەرمانێکی هەرێمی دەرکرد و داوای لە پەرلەمان کردبوو یەکەم دانیشتنی خۆی ئەنجامبدات، پەرلەمانیش تەواوبوونی ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی ئەم دانیشتنە پشتڕاستکردەوە.