ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە پارێزگای سلێمانی ناڕەزایی و ڕەتکردنەوەی خۆیان لە بڕیارەکەی بەرێوەبەرایەتی تەندروستی دەربڕی بۆ گۆڕینی دەوامی فەرمی خۆیان.
د.دڵشاد ئەحمەد لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەردەم نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی ڕایگەیاند" ئەو گۆڕانکارییە نوێیانە کە هاتنە ژێر پاساوی باشترکردنی سیستمی تەندروستی، ڕەچاوی دۆخی ئابووری و دەروونی و کۆمەڵایەتی پزیشکەکانیان نەکردووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، پزیشکەکان بەم بڕیارە دەگەنە نادادپەروەرییەک کە بارگرانی لەسەریان گەورەتر دەکات.
دڵشاد ئەحمەد ڕاشیگەیاند" سیستەمی پێشوو بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەری پزیشکان و بەرێوەبەرایەتی تەندروستی گشتی پەرەی پێدرابوو، کە بەشداربووە لە کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر پزیشکان و بەدیهێنانی دادپەروەری، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم سیستەمە پشتگوێ خرا و گۆڕانکارییەکان پەسەندکرا کە بە نادادپەروەرانە هەژمار دەکرا".
وتیشی" سەرەڕای ئەم هەلومەرجانە، بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەرکە پیشەییەکانیان بەبێ کەمتەرخەمی لە سەرجەم بەشەکان و بنکە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکان، بەڵام ئەم گۆڕانکارییانە بارگرانییان لەسەر دروستکردووە و کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەدای پیشەیییان داناوە".
لەکۆتاییدا ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێنەکرێن و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا بە بڕیارەکاندا نەچنەوە، ئەوا ناچار دەبن هەنگاوی دیکە بگرنەبەر، بە ڕاگەیاندنی ناڕەزایی ئاشتیانە نوێنەرایەتی دەکرێن، هاوکات دڵنیابوون لە بەردەوامی دابینکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ هاوڵاتیان و خۆبە دوورگرتن لە هەر کارێک کە زیان بە بەرژەوەندی گشتی بگەیەنێت.