ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ هەردوو شاندی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆبوونەوە کە هەردوولا هاوڕابوون بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەنجامدانی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی لە گردی دەباشان لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە، لەکۆبوونەوەکەدا باسیان لە بابەتی قۆناغی پاش هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کورستان کرد و ئەگەر و ئامادەکارییەکانی چۆنییەتی کارکردن بەشێوازێک کە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێت تاوتوێکران.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی ئامادەییان دەربڕی بۆ درێژەدان بە کۆبوونەوەکانی نێوانیان و هەموو حیزب و لایەنە کوردستانییەکانی تریش".
لەبارەی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی کە بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە بەڕێوەبچێت، مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت" هاوڕابوون لەبارەی گرنگی بوونی لێکتێگەیشتنی باش بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکان".