"سپی" وردەکاری کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی بڵاودەکاتەوە

هەرچەندە ئەمڕۆ یەکێتی و پارتی دوای کۆبوونەوەکەیان راگەیەنراوێکی فەرمیان بڵاوکردەوە،  "سپی" ناوەڕۆکی  کۆبوونەوەکە ئاشکرا دەکات کە لە راگەیەنڕاوە فەرمییەکەدا نەهاتووە.

بەپێی زانیارییەکانی" سپی" باس لە یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمان کراوە کە بڕیارە دووشەممە ٢ی کانوونی یەکەم بەڕێوەبچێت.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا یەکێتی جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت سەرۆکی حکومەت دوو ساڵ، دوو ساڵ لە ناو یەکێتی و پارتی ئاڵوگۆڕ بکرێت و لە ئەگەری پەسەندنەکرانی ئەو مەرجە یەکێتی داوای پۆستی سەرۆکی هەرێمی کردوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا پارتی و یەکێتی داوایان کردوە چەند کەسێک لە کابینەی نوێدا پۆستیان پێ نەدرێت بەڵام تا ئێستا ناوەکانیان ئاشکرانەکراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمرۆ شاندی یەکێتی و پارتی بۆ تاوتوێکردنی پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوە و لە راگەیەنراوێدا بڵاویانکردەوە" هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی ئامادەییان دەربڕی بۆ درێژەدان بە کۆبوونەوەکانی نێوانیان و هەموو حیزب و لایەنە کوردستانییەکانی تریش".

لەبارەی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی کە بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە بەڕێوەبچێت، مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت" هاوڕابوون لەبارەی گرنگی بوونی لێکتێگەیشتنی باش بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکان".




PM:08:49:30/11/2024