کۆشکی سپی دووپاتی بەردەوامی و پاراستنی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردەوە و دەڵێت" هیچ پەیوەندییەکمان بەو هێرشانە نییە کە بەرەی تەحریری شام پێشڕەوایەتی دەکات".
کۆشکی سپی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە هیچ پەیوەندییەکیان بەو هێرشانە نییە کە بەرەی تەحریری شام پێشڕەوایەتی دەکات و بە رێکخراوێلی " تیرۆریستی" ناوی دەبات و دەڵێت" ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانی ئەو ناوچە و بنکە سەربازی و کەسانەمان کە لە سوریا هەن، بۆ ئەوەی گەرەنتی ڕێگری لە سەر هەڵدانەوەی داعش بکەین".
ئاماژە بەوەش دەکات کە واشنتن بەردەوام چاودێریی دۆخی نێوخۆی سووریا دەکات و لەماوەی ٤٨ کاتژمێری رابردوودا، لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەپێناو پاراستنی خەڵکی سڤیل و پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە و راگرتنی تووندوتیژییەکان.
شۆن ساڤێت وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەی کرد و هانی هەموو لایەکیشی دا بگەڕێنەوە بۆ "پرۆسەیەکی جیدی و باوەڕپێکراوی سیاسیی لەسەر بنەمای پرۆژەبڕیاری ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەڕوونی هەنگاوەکانی ئاگربەست و راگوزەری سیاسیی دیاریکردووە."
ئەمەش لە کاتێکدایە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوو زیاتر لە ١٤٠ شار و شارۆچکەی پارێزگای حەڵەب کەوتووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی میلیشیاکانی سەر بە تورکیا لە دوایین ڕوداویشدا هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا گەیشتوونەتە ١٠ کیلۆمەتی سەنتەری پارێزگای حەما.