فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان کۆبونەوەیەکی سازکرد و لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک و جێگر و بڕیاردەری فراکسیۆنەکە بۆ پەرلەمان دیاریکران.
میدیای فەرمی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بڵاویکردەوە" دوێنێ فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و تێیدا پرسی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێکرا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا مستەفا عەبدولـله بە سەرۆکی فراکسیۆن و هلز بۆتانی بە جێگری سەرۆکی فراکسیۆنەکە و بوخاری جەمیل وەک بڕیاردەر دیاریکران.
بڕیارە کاتژمێر (١١)ی پێشنیوەڕۆی سبەینێ یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، لە کۆبوونەوەکەدا بانگهێشتی سەرۆکی دیوانی پەرلەمان دەکرێت کە بە تەمەنترین کاندیدە لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتوو بووە، بۆ ئەوەی سوێندی یاسایی بخوات و دانیشتنەکە بەڕێوەببات.
هەروەها لە کۆتا بڕگەی کارنامەی دانیشتنەکەدا، سەرۆکی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بانگهێشتی کاندیدە براوەکان دەکات بۆ سوێندخواردنی یاسایی.
ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامی کۆتایی پارتی ٣٩ کورسی بەدەستهێناوە و ژمارەیەکی دەنگەکانی نزیکەی ٨٠٩ هەزار و ١٩٧ دەنگیان بەدەستهێناوە، هەروەها یەکێتی بە ٢٣ کورسی بە نزیکەی ٤٠٨ هەزار و ١٤١ دەنگ لە پلەی دووەمدا هات و جوڵانەوەی نەوەی نوێ ١٥ کورسی بەدەستهێنا.
هاوکات یەکگرتووی ئیسلامی ٧ کورسی و ڕەوتی هەڵوێست ٤ کورسی و کۆمەڵی دادگەری ٣ کورسی و بەرەی گەل ٢ کورسی و بزووتنەوەی گۆڕان یەک کورسی و هاوپەیمانی هەرێمی کوردستانیش یەک کورسی بەدەستهێنا.