تەرمی دایک و منداڵە خنکاوەکەی دەریای ئیجەدا دەگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێم

تەرمی ئەو دایک و منداڵەی چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە دەریای ئیجەدا خنکان دەگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان. 

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە" بە هاوکاری وەزارەتی کۆچبەرانی عیراق تەرمی دوو کۆچبەری کورد بە ناوەکانی نایلە مستەفا و نور کاوێز کە لە ڕووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیان لە ٢٨ \ ١١\٢٠٢٤دا لە باکوری دورگەی سامۆسی وڵاتی یۆنان خنکان دەگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان". 

لای خۆشیەوە حسێن حەمە ساڵح، نوێنەری دەزگای لوتکە ڕایگەیاندووە" لەسەر داواکاری خێزانەکەیان دەزگای لوتکە بە هاوکاری وەزارەتی کۆچبەران دەستیکردوە بە ڕێکارە یاساییەکان بۆ گەڕانەوەی ئەو تەرمە لە ماوەیەکی کەمدا". 

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا بەلەمێكی كۆچبەران لە باکووری دوورگەی سامۆس لە دەریای ئیجە ژێر ئاو کەوت کە بەهۆیەوە چوار كۆچبەر گیانیان لەدەستدا کە دوان لەوانە خەڵکی هەرێمی کوردستانن و دوو کۆچبەرەکەی دیکە خەڵکی وڵاتی ئەفغانستان بوون. 



PM:03:03:01/12/2024